بۆحوسین سەلامی هەرەشە لە کورد دەکات (گەڵاڵەی سەرکوت – هەرەشە – پەراوێز- شەڕ چییە؟)

تەنیا رێگای روبەرووبونەوە لەگەڵ ئەو گەڵاڵەیە ئەوەیە کە پارچەکانی کوردستان بە پێی توانای خۆیان پشتی راسانەوەی رۆژهەڵات بگرن و گەڵاڵەی سەرکوت- هەرەشە- پەراوێز- شەر لە ئەڵقەی یەکەم و هەنگاوی یەکەم تووشی شکست بکەن ئەگەر بێت ئەو گەڵاڵەیە لە ئەڵقەی سەرکوت پێشی پێ نەگیرێت بێ گومان پێش پێگرتنی لە ئەڵقەکانی تر و لە پارچەکانی تر زۆر ئاستەمتر دەبێت.

ئاگری ئیسماعیل نژاد


رۆژی ۳٠/٦/۲٠۱٦ کە دوایین هەینیی رەمەزانی ئەمساڵ بوو، بە پێی دابی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانێکی حکوومەتی لە ئێران بەرێوەچوو؛ ئەو خۆپیشاندانە لە راستییدا شانۆیەکی شەقامییە بە مەبەستی دەرخستنی رووخساری جەماوەریی “سیاسەتی هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی” بەو واتایە کە کۆماری ئیسلامی بە هێنانە سەرشەقامی خەڵک بە فێل و شێوەی جۆراوجۆر دەیەویت بە کۆمەڵگای جیهانی بلێت: “سیاسەتی هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی” سیاسەتێکی جەماوەرییە و خەڵکی لە پشتە.
بەڵام بۆ لە “رۆژی قودس”دا هەرەشە لە کوردی رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان دەکرێت؟!
لە پاش راپەرینی جەماوەریی باشوور لە ۱۹۹۱دا لە سیاسەتی ناوچەییی ئێران دەستەواژە یان زاراوەیەک لە دایک بوو بە ناوی ” ئیسرائیلی دووهەم”. یەکەم بەکارهێنەری دەستەواژەی “ئیسرائیلی دووهەم”، عەلیرزا شێخ عەتار بوو. شێخ عەتار لە ساڵی ۱۹۹۸هەتا ۲٠٠٤ راوێژکاری ئەنجومەنی تەناهیی نەتەوەییی ئێران بوو. ئەو پێشتر پارێزگاری ورمێ وسنە بووە. ناوبراو لە کاتی کوشتنی ٥۹ لاوەکەی مەهاباد پارێزگاری ورمێ بوو.
ئیسرائیلی دووهەم لە راستییدا بە حکوومەتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان دەگوترا واتە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر خوازیاری سەربەخۆیی لە عێراق بوایە دەگوترا ئیسرائیلی دووەهەم.


لە رووی زمانی و ئەمنی بەکار هێنانی دەستەواژەی ” ئیسرائیلی دووهەم” بۆ حکوومەتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان لە لایان کۆماری ئیسلامییەوە ، زۆر گرینگە و هەڵگری مانای تایبەتە، ئێران، ئیسرائیل بە مەترسی بۆسەر جیهانی ئیسلام دەزانێ و بە دامەزراوەیەکی ئیمپریالیزمی لە قەڵەم دەدا و هاوکات لە ناوبردنی بە ئەرکێکی دینی بۆ موسڵمانان دادەنێت، بەڵام ئیسرائیلی دووهەم مەترسی بۆ سەر پاوانخوازیی نەتەوەی فارسە. چون فارسەکان دۆزی کورد بە مەترسیی ئەمنیی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست لەقەڵەم‌دەدن و دیارە ئیسرائیلی دووهەمیش هەر بە خواستی ئیمپریالیزم دەزانێ و لە ناوبردنی ئەو بە ئەرکێکی نەتەوەیی_ئیسلامی(شێعە) دەزانێ؛ چونکە هەرێمی سەربەخۆی کوردستانی باشور، گەورەترین بەربەستە بۆ سازبوونی “خەیاڵی هیلالی شێعەی” کۆماری ئیسلامی کە خەونێکی پارسی شێعە کراوە.


ئەگەر روونتر بمانەوێت باسی بکەین، لە هەنگاوی یەکەمدا بە کاری هێنانی دەستەواژەی “ئیسرائیلی دووهەم” لەلایان بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی کۆمار ئیسلامییەوە، دەرخەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی هەمان پێناسەی ئەمنی کە بۆ ئیسرائیلی دەکات بۆ حکوومەتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانیشی دەکات. ئەگەر باوەرمان بەوە هەبێت کە کۆماری ئیسلامی، ئیسرائیل و حکومەتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان لە رووی ئەمنییەوە بە هاوشوناس دەزانێ کە بە پێی بەکارهێنانی زاراوەی “ئیسرائیلی دووهەم” بە هاوشوناسیان دادەنێت، لە هەنگاوی دووهەمدا ئاستی دژایەتیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حکوومەتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانمان بۆ روون دەبێتەوە، بەو مانایەی چۆن و بە چ شێوەیەک لە چ ئاستێکدا کۆماری ئیسلامی دژایەتیی ئیسرائیل دەکات بە هەمان شێوەش و ئاست دژایەتی حکوومەتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان دەکات.


کە وایە هۆکاری سەرەکی و شاراوەی هەرەشەی کۆماری ئیسلامی لە حکوومەتی هەرێم هێنانە گۆرێی بابەتی رێفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانە. واتە هۆکاری یەکەم و گرینگترین هۆکاری ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەرەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دژی رێفراندۆمی سەربەخۆییی باشورە و ئەو رێفراندۆمە بە مەترسیی گەورەی سەرخۆی دەزانێ. بە پێچەوانەی ئەوانەی کە دەلێن کوردی رۆژهەڵات بوونە هۆکاری ئەوەی کۆماری ئیسلامی ببێتە هەرەشەی سەر هەرێم من لەو باوەرەدان بەکارهێنانی بەرفراوانی توانای سەربازی لەلایان ئێرانەوە لە تێکهەڵچونەکانی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و سپای پاسداران و سازکردنی شەرێکی بەرینی دەروونی _میدیایی لەلایان سپاوە لەگەڵ ئەو حیزبە هۆکاری بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە راسانەوەی رۆژهەڵات و رێفراندۆمی سەربەخۆییی باشور لە رووی زەمانییەوە هاوکات بووە و کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە دەیەوێت بەو توانایی نیزامییە و بەو شەری نەرمە لە هەنگاوی یەکەمدا بەرەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵات سەرکوت بکات هەتا لە هەنگاوەکانی دواتر دەستی بۆ هێرش بۆ سەر حکوومەتی سەربەخۆی باشور ئاوەڵا بێت.


لێرەدا دەبێ کوردەکان ئەوەیان لەبەر چاو بێت کە هۆکاری سەرەکیی سەرکوت لە رۆژهەڵات و هەرەشەی هێرش بۆ سەر باشور، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا بە مەترسی لەسەر ستراتیژی و داهاتوو خۆی دادەنێت، کە وایە هەم سەرکوتەکە و هەم هەرەشەکە یەک ئامانجیان لە پشتە، ئەویش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی خوازیاری ئەوەیە کە پێش لە دەستەبەر کردنی “مافی دیاری کردنی چارەنووس” بۆ کورد بگرێت.
سەرکوتی رۆژهەڵات و هەرەشە لە باشور دووشتی جیاواز نییە، بەڵکو گەڵاڵەیەکە بۆ دژایەتی کردنی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا و ئەو گەڵاڵەیە لە قۆناغی دواتردا پارچەکانی تریش دەگرێتەوە، بەڵام نەک بە شێوەی سەرکوت و هەرەشە؛ بەڵکو لە پارچەکانی تر مێتۆدی جیاواز بەکار دەهێندرێ. چون پێگەی کورد و پێگەی دەسەڵاتی حکوومەتەکان لە پارچەکانی تر جیاوازە. من پێم وایە لە باکوور، مێتۆدی درێژکردنەوەی شەر و لە رۆژئاوا مێتۆدی پەراوێزخستنی کورد بەکار دێنێت.


تەنیا رێگای روبەرووبونەوە لەگەڵ ئەو گەڵاڵەیە ئەوەیە کە پارچەکانی کوردستان بە پێی توانای خۆیان پشتی راسانەوەی رۆژهەڵات بگرن و گەڵاڵەی سەرکوت- هەرەشە- پەراوێز- شەر لە ئەڵقەی یەکەم و هەنگاوی یەکەم تووشی شکست بکەن ئەگەر بێت ئەو گەڵاڵەیە لە ئەڵقەی سەرکوت پێشی پێ نەگیرێت بێ گومان پێش پێگرتنی لە ئەڵقەکانی تر و لە پارچەکانی تر زۆر ئاستەمتر دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *