كۆمیتەیەكی كوردستانی لە دانمارك دامەزرا

بە بەشداری ١٢ حیزبی چوار پارچەی كوردستان كۆمیتەیەكی كوردستانی دامەزرا.

رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی ٢٨ی نۆڤامبر، بەشداری ١٢ حیزبی كوردستانی لە چوار بەشی كوردستان، كۆمیتەی ھاوكاری حیزب و رێكخراوە كوردستانیەكان لە وڵاتی دانمارك دامەزرا.

ئەم كۆبوونەوەیە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ كاتژمێر درێژەی كێشا كە ھەموو بەند و خاڵەكانی پێرەوی ناوخۆی ھاوكاری خرانە بە باس و ڕاوێژ و لە ئەنجام دا دامەزراندنی ھاوكاری بە فەرمی پەسەند كرا.

جێگای ئاماژەیە كە ماوەیەكی درێژ بوو كە حیزب و رێكخراوە سیاسیەكانی كورد لە وڵاتی دانمارك ئامادەكاری ئەو كۆمیتەیەیان دەكرد و لە ئەنجامدا بە ئاكام گەیشت.

كۆمیتەی ھاوكاری پاش بیروڕا گۆڕینەوە و مشت و مڕێکی تێر و تەسەل چۆنیەتی ھاوکاریی کردنی ئەم ھێزانە و لە سەر پەیڕەو و پڕۆگرامێکی ناوخۆیی بۆ کۆمیتەی ھاوکاریی و ھەڵبژاردنی دەستەیەکی بەڕێوەبەرایەتی بۆ ماوەی ٦ مانگ رێکەوتن و کۆبوونەوەکە لە کەش و ھەوایەکی دۆستانەدا کۆتایی بە کارەکانی خۆی ھێنا.

جێگای ئاماژەیە شاندێكی كۆمیتەی حیزب بە سەرپەرەستی سەعید سۆڵتانپوور بەرپرسی گشتی كۆمیتە بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

كۆمیتەی حیزبی دێموكرات لە دانمارك رۆڵێكی گرینگی لە دامەزراندنی ئەو ناوەندە دا ھەبوو.


وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *